22 November 2015

ئەگەر کوردەکان یەکگرتوو بن، هیچ شتێک ناتوانێ تێکیان بشکێنێ .

 Special Presidential Envoy for the Global Coalition to 
Counter ISIL Brett McGurk









ڕۆژی جومعە ٢٠ی نۆڤامبری ٢٠١٥ ، برێت مەکگورک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بە گژداهاتنەوەی داعش لە کۆبوونەوەی زانیاری دانی قسەوێژی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا دا بەشداری کرد و بە کورتیی باسی ئەو چالاکیانەی کرد کە ئەمریکا تا ئێستا لە بەرانبەر داعش دا کردوویە. لە قسەکانی دا باسی کوردستانیشی کرد. لێرە دا وەرگێڕاوی چەند پرسیار و ووڵامەکانی بڕێت مەکگورگ دەخوێننەوە.

پرسیار: سپاس بەڕێز مەکگورک. سەبارەت بە یارمەتیی نیزامی ئێوە بە کوردی عێڕاق؛ هێندێک خەڵک و ڕێکخستن لەوانە ئینترنەشناڵ کرایسس گرووپ [ دەستەی قەیرانی نێونەتەوەیی] دەڵێن ئێوە ئەو یارمەتییە نیزامییەتان مەرجدار کردووە و بەستووتانەتەوە بە ڕێفۆڕمی سیاسی لەوێندەرێ. چونکە ئەوان لەوە دەترسێن کە ئەو رقەبەرییە سیاسییەی هەرێم دەکرێ گرژتر بێ و ببێتە هۆی توندو تیژی زیاتر. ئایا ئێوە هیچ شەرتێکتان داناوە بۆ ئەو یارمەتییە عەسکەرییەی کە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکەن؟

برێت مەکگورگ: ئەوە پرسیارێکی باشە. ئەمن کاتێکی زۆرم بە سەر بردووە لە گەڵ کوردەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردووە دا، لە ڕاستیدا لە پێش ئەوەش دا، بەڵام بە تایبەتی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ، لە گەڵ هەموو پارتییە سیاسییەکان و لە پێواژی ناسکی سیاسییان دا، هەر چەند مانگ لەوە پێش . ئێمە بە قووڵی بە قووڵی تێوەگلاوین لەگەڵ هەموو پارتییە کوردەکان و پەیامی ئێمە بۆ ئەوان ئاشکرایە: ئەگەر کوردەکان یەکگرتوو بن، هیچ شتێک ناتوانێ تێکیان بشکێنێ . و ئێمە ئەوەمان لە کۆبانێ دیت. وەکوو ئەمن لە قسەکانم دا گوتم ئێمە بە هانای ئەوانەوە چووین کە بەرگریان لە شاری کۆبانێ دەکرد. هەر وەها لەوبارەیەوە لە ڕووی دیپڵۆماتیکەوە ئێمە زۆر بە حاڵەتێکی بەگژداچووانە لەگەڵ تورکەکان دواین، ئێوارەیەکی درەنگ بوو من لە ئانکاڕا بووم لەگەڵ ژەنەڕاڵ ئالەن لەگەڵ سەرۆکوەزیر داوودئۆغڵوو قسەمان دەکرد سەبارەت بە ناردنی پێداویستی بۆ کۆبانێ و دوایە تورکەکان کۆریدۆڕێکیان کردەوە بۆ ئەوەی پێشمەرگەی کوردی عێڕاقی پێی دا تێپەڕن و بگەنە کۆبانێ. بەڕاستیش ئەوە کاتێک بوو کە کوردەکان یەکیان گرت بە دژی ئەو هەڕەشەیە و ئەوان زەربەیەکی گورچکبڕیان لە داعش دا. دیارە ئێمە نیگەران دەبین کاتێک دەبینین پارتییەکوردەکان لە ڕووی سیاسییەوە لێک دابڕاون چونکە ئەو شەڕە تەواو نەبووە ، کوردەکان ڕۆژ بوێری نییە خەساریان وێ نەکەوێ، جا بۆیە ئێمە بەردەوام تەشویقیان دەکەین ڕێزی خۆیان یەکگرتوو کەن بە دژی ئەو هەڕەشەیە. دیارە خیلاف و بۆچوونی جیاوازی سیاسی هەر دەبێ، و بە کاتی خۆی دەبێ بەلا دا بخرێن بەڵام ئێستا ئێمە کوردەکان تەشویق دەکەین بە دژی ئەو هەڕەشەیە یەک بگرن. سەبارەت بە یارمەتیی نیزامی. ئێمە لەگەڵ پێشمەرگە هاوکاری دەکەین. ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو پارتییە کوردەکان هاوکاری دەکەین ، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان  و پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان و دەستەبەری ئەوە دەبین یارمەتی پێویستیان بدەین بۆ ئەوەی سەربکەون.

پرسیار: تەنێ پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە کوردەکانی سوورییە: بە گردبڕی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتییەکی زۆری کردووە بە کوردەکانی سوورییە و بە بێ یارمەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوانە بوو کۆبانێ بشکێ. بەڵام ئێستا کە مرۆ لەگەڵ ڕێبەرانی کوردەکانی سوورییە قسە دەکا ئەوان دەڵێن ئێمە حەوجێمان بە جبەخانە و چەکی چاک هەیە ، و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتوویەتی تەنانەت ئەو یارمەتییە نیزامییەی کە لەو دواییانە لە هەواوە بەردرانەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عەڕەب بووە نەک بۆ هێزە کوردییەکان. داخودا ئەو ڕاڕاییەی ئەمریکا لێرە دا لە بەر چییە؟ بۆچی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا و چالاکانە چەکیان ناداتێ ، لەکاتێکدا لە ئاسمانەوە دەیانپارێزێ. ئەمن زۆر بە باشی لەوە سەرەدەر ناکەم.

بڕێت مەکگورک : ئەمن لێرە دا ناکرێ باسی ووردەڕیشاڵی ئەو بەیەکەوە دوانانە بکەم. بەڵام، ئێمە لەگەڵ ئەو گرووپانەی کە شەڕی داعش دەکەن هاوکاری دەکەین و دەستەبەری دابین کردنی پێداویستییەکانیان دەبین بۆ ئەوەی سەرکەون.
[..... ]
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە حەسەن قازی

No comments:

Post a Comment